حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران – نوێنه‌رایه‌تی ده‌ره‌وه دابین‌كردنی‌ مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌کانی گه‌لی‌ كورد له‌ چوارچێوه‌ی ئێرانێکی دێموكراتیكی‌ فیدراڵی‌ دا
New Page 3


وەشانی زیندوو

Satellite: Hotbird-4

Frequency: 11585 MHz

Polarization: Vertical

Symbol Rate: 27500

FEC: 3/4

Channel: Tishk tv

گۆڤاری یه‌كیه‌تیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران

Agir rojnameya panzdehroj ya siyas, and gişt ye

کوردستان میدیا
ماڵپه‌ڕی سکرتێر

وڵاته‌کان: سوئێد | نۆروێژ | فینلاند | ئه‌مریکا | دانیماڕك | ئوتریش | بریتانیا | کانه‌دا  | سویس  |  ئاڵمان

خوێندکاران: ناوه‌ندی | نۆروێژ | سوئێد
یه‌کیه‌تی ژنان

یه‌كیه‌تی لاوان: ماڵپه‌ڕی ناوه‌ندی  | سوئێد | فینلاند | دانیماڕک |نوروێژ

گۆڤار و بڵاڤۆک: ئاگری | هاوای نیشتمان |  لاوان |  ژنان | بیری خوێندکار

دراوسێکان: ئاژانسی هه‌واڵنێری کوردستان پرێس | کاروانی شه‌هیدان | پێشمه‌رگه‌کان |خاکه‌لێوه | زمزیران | یه‌کیه‌تی کوردان |

شاره‌کان: ورمێ | پیرانشار |

 

 

لێكدانه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ كه‌سایه‌تیی‌ قازی‌ محه‌ممه‌د له‌ قۆناخی‌ كۆماری‌ كوردستان له‌ مه‌هاباد دا

08-02-1386

خالید زوورمه‌ند ـ بریتانیا
یه‌كێك له‌ خاڵه‌ گرینگه‌كانی‌ مێژووی‌ خه‌باتی‌ رزگاریخوازیی‌ گه‌لی‌ كورد قۆناخی‌ دامه‌زرانی‌ كۆماری‌ كوردستان له‌ مه‌هاباده‌ كه‌ وه‌ك خاڵی‌ وه‌رچه‌رخان‌و راگواستن له‌ خه‌باتی‌ نه‌ریتی‌ به‌ره‌و نوێخوازی‌‌و رێفۆرمی‌ به‌ سه‌رده‌مییانه‌كردنی‌ خه‌بات پێناسه‌ ده‌كرێ‌. به‌‌و پێوانه‌یه‌ به‌ كرده‌وه‌ ده‌كرێ‌ خه‌باتی‌ كورد به‌ دوو قۆناخی‌: 1ـ خه‌باتی‌ نه‌ریتیی‌ به‌ر له‌ كۆمار 2ـ خه‌باتی‌ رووه‌و مۆدێڕنیزمی‌ دوای‌ كۆمار، دابه‌ش بكه‌ین.


خه‌باتی‌ نه‌ریتیی‌ به‌ر له‌ كۆمار به‌ كاراكته‌ری‌ زاڵی‌ هۆزه‌كی‌‌و ره‌سه‌نایه‌تیی‌ پیرۆزی‌ سه‌رۆك هۆز‌و فێئۆدال‌و پیرۆزیی‌ ئایینی‌‌و میرنشیینه‌ ناوچه‌ییه‌كانی‌ كورد كه‌ به‌ هۆی‌ خاوه‌نداربوونی‌ مه‌زنایه‌تی‌‌و باندۆڕی‌ "نه‌ریتی‌ ـ كه‌له‌پووری‌"بارستایی‌ بوون به‌ ته‌وه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌و هانده‌ری‌ خه‌باتیان تێدا هه‌بوو و هه‌وڵیان ده‌دا به‌ كه‌ڵكوه‌رگتن له‌ پۆزیسیۆنی‌ ره‌سه‌ن‌و نه‌ریتیی‌ خۆیان‌و به‌هادان به‌ داخوازه‌ سه‌ره‌تایی‌‌و به‌ها ره‌سه‌ن‌و كۆنه‌كانی‌ "ئایینی‌ ـ مه‌زهه‌بی‌"، "زمانی‌ ـ كولتووری‌"‌و "ئه‌تنیكی‌ ـ نه‌ته‌وه‌یی‌" هێز‌و گوڕی‌ بزووتنه‌وه‌كه‌یان دابین بكه‌ن‌و هه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ نه‌ریتی‌‌و كۆنانه‌ ره‌وایی‌ پێویست بۆ خه‌بات له‌ بیرگه‌ی‌ كۆمه‌ڵ‌دا دابین بكه‌ن كه‌ هه‌ندێ‌ جاریش هه‌وڵ‌و ته‌قه‌لایه‌كی‌ په‌رته‌وازه‌‌و كه‌م باندۆڕ به‌ره‌و به‌ مۆدێڕنیزه‌كرانی‌ ئه‌وان‌و دابڕان له‌ شێوازه‌كانی‌ بزاوتی‌ نه‌ریتی‌، خۆی راناوه‌. هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا مه‌به‌ست ته‌نیا ره‌خنه‌گرتن له‌ بزاوتی‌ به‌ر له‌ كۆمار نیه‌، چوونكه‌ ئه‌و شێوازه‌ خه‌باته‌ به‌رهه‌می‌ بارودۆخی‌ تایبه‌تی‌‌و كاركته‌ری‌ نه‌ریتیی‌ زاڵی‌ ئه‌و كاته‌یه‌. مه‌به‌ست دۆزینه‌وه‌ی‌ خاڵی‌ وه‌رچه‌رخان‌و گۆڕان به‌ پێی‌ پێوانه‌ی‌ سه‌رده‌مه‌ كه‌ به‌ڕای‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌رچی‌ ئاوه‌ها وه‌رچه‌رخانێك ته‌نیا له‌ بڕگه‌یه‌كی‌ زه‌مانی‌دا سه‌ری‌ نه‌گرتوو و له‌ میانه‌ی‌ جووڵانه‌وه‌كانی‌ پێشوودا بێگومان ره‌گی‌ هه‌یه‌ به‌ڵام به‌ ده‌ربڕینێكی‌ ته‌واو ئه‌رخه‌یانه‌وه‌ ده‌كرێ‌ قۆناخی‌ كۆماری‌ كوردستان به‌ پاڵێوراوی‌ سه‌ره‌كی‌ بۆ ناودێركردنی‌ خاڵی‌ وه‌رچه‌رخان یان لانی‌‌كه‌م قۆناخی‌ راگواستنی‌ بزانرێت. گۆڕان له‌ شێوه‌ی‌ خه‌باتی‌ نه‌ریتی‌ به‌ره‌و مۆدێڕنیزم خۆی هه‌ندێ‌ تایبه‌تمه‌ندیی‌ شاز‌و تازه‌ی‌ كۆماردا راده‌نێت كه‌ ده‌توانن هێماكانی‌ سه‌لمێنه‌ری‌ ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ بن. به‌شداریی‌ تاراده‌یه‌ك ئاگادارانه‌ی‌ هه‌موو چینه‌كان له‌ ده‌سه‌ڵات‌و خه‌بات‌دا بۆ یه‌كه‌م جار، هه‌وڵی‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ رووناكبیریی‌ جه‌ماوه‌ر‌و له‌دایكبوونی‌ ده‌یان گۆڤار‌و رۆژنامه‌، رادیۆ (كه‌ به‌ پێی‌ ئه‌و كات كارێكی‌ گرینگ بۆ دامه‌زراندنی‌ مێدیای پێشكه‌وتوو بووه‌)، به‌ فه‌رمی‌ كردنی‌ زمان‌و خوێندنی‌ كوردی‌‌و ده‌یان هه‌وڵی‌ له‌و چه‌شنه‌‌و هه‌روه‌ها كزبوونی‌ داخوازه‌ سه‌ره‌تایی‌‌و كلاسیكه‌كان‌و جێگیربوونی‌ داخواز‌و واتای‌ سه‌رده‌مییانه‌، هه‌ندێ‌ له‌و هێمایانه‌ن. له‌ كۆمار به‌ولاوه‌ ئیتر واتاگه‌لی‌ نوێباو‌و زانستی‌‌و پێوانه‌ په‌سندكراوه‌ گه‌ردوونییه‌كان وه‌ك دێموكراسی، مافی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، به‌رابه‌ری‌، مافی‌ كولتووری‌‌و زمانی‌، كۆماری‌ خودموختار‌و ...ده‌كرێن نێوه‌ڕۆك‌و كاكڵه‌ی‌ بزاڤ و به‌ره‌به‌ره‌ جێگه‌ی‌ مه‌زنایه‌تیی‌ نه‌ریتیی‌ میرنشین‌و شێخ‌و ئاغاكان ده‌گرنه‌وه‌. به‌و پێیه‌ قۆناخی‌ كۆمار ده‌بێته‌ ده‌ستپێك كه‌ له‌و به‌دواوه‌ له‌ هه‌موو پارچه‌كانی‌تریش‌دا باندۆڕی‌ ئه‌و داخواز‌و ئامانجه‌ مۆدێرنانه‌ جێگه‌ی‌ ویست‌و ئامانجه‌كانی‌ نه‌ریتی‌ ده‌گرنه‌وه‌. له‌و باسه‌دا ته‌نیا مه‌به‌ست، لێكدانه‌وه‌ی‌ كه‌سایه‌تیی‌ پێشه‌وا وه‌ك رابه‌ر‌و ته‌وه‌ری‌ سه‌ره‌كیی‌ قۆناخی‌ كۆمار، وه‌ك قۆناخی‌ راگواستنه‌. گه‌لۆ چ هۆكارگه‌لێك ده‌بێته‌ هۆی پیرۆزكرانی‌ پێشه‌وا له‌ یادوه‌ریی‌ كۆمه‌ڵگا‌و هزری‌ جه‌ماوه‌ردا؟ ده‌زانرێ‌ كه‌ مه‌زنایه‌تی‌ تا ئاستێكی‌ هێنده‌ به‌رز دراوه‌ به‌ پێشه‌وا كه‌ تا هه‌نووكه‌ش له‌ ناو خه‌ڵكی‌ كورد‌و غه‌یره‌ كورددا ئه‌و قۆناخه‌ به‌ ناوی‌ "شۆڕشی پێشه‌وا" ناودێركراوه‌‌و به‌ ئاوای‌ نافه‌رمی‌‌و به‌ربڵاو له‌ گوتار‌و ئاخاوتن‌دا كه‌ڵكی‌ لێ‌وه‌رده‌گیرێ‌‌و ته‌نانه‌ت تا راده‌یه‌كیش درزی‌ كردۆته‌ نووسراوه‌كان. به‌و پێوانه‌یه‌ لانیكه‌م له‌ هزری‌ خه‌ڵكی‌ ره‌شۆكی‌دا پێشه‌وا كۆته‌ره‌یه‌كه‌ (ساقه‌)‌و خه‌بات وه‌ك لك‌و پۆپ به‌سه‌ریه‌وه‌ وه‌ستاوه‌. لێ‌ به‌و پێیه‌ لێكدانه‌وه‌‌و ناسینی‌ كه‌سایه‌تیی‌ پێشه‌وا وه‌ك ئه‌كته‌رێكی‌ پۆزه‌تیڤ‌و سه‌ره‌كی له‌ قۆناخی‌ وه‌رچه‌رخان‌و راگواستنی‌ بزاڤی‌ مافخوازانه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد‌و شرۆڤه‌كردنی‌كرده‌كانی‌ ئه‌و‌و شوێنه‌واری‌ ئه‌و كردارانه‌ پێویستییه‌كی‌ مه‌زنه‌‌و هێز‌و وزه‌‌و چاخی‌ فره‌ی‌ گه‌ره‌كه‌. له‌و رووه‌وه‌ ئه‌و دێڕانه‌ ته‌نیا ده‌كارن ئاماژه‌یه‌كی‌ كورت‌و نیوه‌چڵ بۆ وه‌ها گرینگێك بن.
ئێمه‌ لێره‌دا له‌ سێ‌ گۆشه‌نیگاوه‌ هه‌وڵی‌ راڤه‌ی‌ تیۆریكی‌ كه‌سایه‌تیی‌ پێشه‌وا ده‌ده‌ین:
1ـ پێشه‌وا‌و شوێندانانی‌ كاریزمایی‌ ئه‌و له‌سه‌ر ریزه‌كانی‌ خه‌بات‌و توێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا:
مێژووی‌ خه‌باتی‌ هه‌ر گه‌ل‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ پێناو رزگاری‌‌و سه‌ربه‌ستیی‌ خۆی‌دا هه‌ندێ‌ كه‌سایه‌تیی‌ كاریگه‌ر‌و هه‌ڵكه‌وتووی‌ خوڵقاندوه‌ كه‌ دوای‌ ره‌وتی‌ خه‌بات له‌ كڵێشه‌ی‌ كه‌سایه‌تیی‌ ئه‌وان‌و بانگه‌وازی‌ ئه‌وان‌دا به‌ چه‌ند قاتی‌ به‌رزتر تۆخ بۆته‌وه‌، گۆڕانی‌ سه‌ره‌كی به‌خۆ بینیوه‌‌و ته‌نانه‌ت وه‌رچه‌رخانی‌ بووه‌. به‌ ده‌ربڕینێكی‌تر كه‌سایه‌تیی‌ خوڵقاوی‌ خه‌بات خۆی ده‌بێته‌ خوڵقێنه‌ری‌ خه‌بات‌و به‌ ئاستی‌ هه‌ستپێكراوی‌ داهێنه‌رانه‌ی‌ ئه‌رێنی‌ یان نه‌رێنی‌ خۆی‌دا بۆته‌ سمبۆلی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و ئیتر خه‌بات به‌ ناوی‌ ئه‌وه‌وه‌ سه‌ری‌ هه‌ڵ‌داوه‌. ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پرۆ‌وسه‌یه‌كی‌ دیالێكتیكیی‌ هه‌ستپێكراو ده‌رده‌خات. خه‌بات، كه‌سایه‌تیی‌ پسپۆڕ‌و كاریزما ده‌خوڵقێنێ‌‌و خۆی‌ ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ به‌ داهێنانی‌ خۆی بێچمی‌ (شكل) نوێباو تۆبه‌ خه‌بات ده‌به‌خشێت كه‌ ئیتر به‌ناوی‌ ئه‌وه‌وه‌ زه‌ق ده‌بێته‌وه‌. له‌و پرۆسه‌ دیالێكتیكییه‌دا بێچمی‌ نوێباوی‌ خه‌بات بۆی‌ هه‌یه‌: 1ـ پاشماوه‌كانی‌ خه‌باتی‌ پێشوو پاكتاوبكات‌و ئامانج‌و به‌هاكانی‌ ئه‌و قوت بدات كه‌ له‌ راستی‌دا ئه‌وه‌ ته‌نیا چه‌واشه‌كردنی‌ شوێنی‌ خه‌بات‌و سڕینه‌وه‌ی‌ ئاسه‌واره‌كانیه‌تی‌‌و له‌و په‌ڕی‌ خۆی‌دا ره‌نگه‌ به‌ جۆرێك گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سیستمی‌ دژبه‌ری‌ خه‌باتی‌ لێ‌بكه‌وێته‌وه‌. 2ـ درێژه‌ده‌ری‌ خه‌باتی‌ پێشوو و ته‌واوكه‌ری‌ ئه‌و بێت‌و به‌ هێز‌و گوڕی‌ نوێباوی‌ خۆی پته‌وتر له‌ پێشوو گوڕ به‌ خه‌بات بدات كه‌ لێره‌دا بابه‌تی‌ پاكتاوكردن‌و سڕینه‌وه‌ی‌ دیالێكتكیی‌ كلاسیك واتای‌ نامێنێ‌‌و خه‌باتی‌ پێشوو كه‌ تێز پێك ده‌هێنێ‌، كاركته‌ر‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ خۆی له‌ میانه‌ی‌ بێچمی‌ نوێباودا كه‌ (رۆڵی‌ سه‌نتێز ده‌گێڕی‌)، ده‌پارێزێت‌و گه‌شه‌ده‌كات.
ره‌وتی‌ خه‌باتی‌ رزگاریخوازی‌‌و مافخوازیی‌ گه‌لان به‌ ئافراندنی‌ ته‌وه‌رو كاریزما له‌ راستی‌دا ئامانجی‌ ئه‌وه‌یه‌ شوێنی‌ خۆی دیار‌و پاقژ بكات نه‌ك دژبه‌ری‌ خۆی‌ بخوڵقێنی‌ به‌ڵام به‌ستراوه‌ به‌ئاكار‌و كه‌سایه‌تیی‌ كاریزما، بۆی هه‌یه‌ كه‌ به‌شوێنی‌ دژدا برَوات‌و یان ته‌واوكه‌ر بێت. تا چ ئاستێك كه‌س‌و كاریزما له‌ خزمه‌ت خه‌بات‌دا خۆنه‌ویستیی‌ خۆیان له‌ پێناو خه‌بات‌دا پیشان بده‌ن، ئه‌و مژاره‌ هۆكاری‌ پێشڤه‌بردن یان چه‌واشه‌كردن‌و ته‌نانه‌ت سڕینه‌وه‌ی‌ (كه‌ ئه‌ویان جۆرێك خۆخواردنی‌ خه‌باته‌كانه‌) لێ‌ده‌كه‌وێته‌وه‌. رسته‌ی‌ ناوداری‌ "راپه‌ڕین رۆڵه‌ راسته‌قینه‌كانی‌ خۆی هه‌ڵ‌ده‌لووشێ‌." ئه‌گه‌ر به‌ پێی‌ وه‌ها روانینێك بخوێندرێته‌وه‌ ئه‌وكات ناكارێت كه‌ ده‌ربڕینێكی‌ گشتگیر بێت‌و پێویسته‌ به‌م شێوه‌ به‌ ساغ بكرێته‌وه‌:"كه‌سایه‌تییه‌ ته‌وه‌ری‌‌و سه‌ره‌كییه‌كانی‌ راپه‌ڕینه‌كان هه‌وڵی‌ راهێنانی‌ هه‌موو خه‌باتگێڕه‌كان له‌ ته‌ك مێتۆدۆلۆژیای خۆیان‌و ویست‌و ئامانجه‌كانیان ده‌ده‌ن."
لێره‌دا چۆنیه‌تیی‌ مامه‌ڵه‌كردنی‌ كاریزما له‌ته‌ك هاوخه‌باته‌كانی‌ دیكه‌ی‌، راسته‌وخۆ پێوه‌ندیی‌ هه‌یه‌ به‌ روانین‌و رامانی‌ كراوه‌‌و دێموكراسییانه‌ یان بیرته‌سك، به‌رچاوته‌نگ، ده‌مارگرژ‌و "دیسپۆتیك"(سه‌ره‌ڕۆیانه‌)ی‌ ئه‌و. ئه‌گه‌ر كه‌سی كاریزما له‌ پێناو گۆڕان‌و نوێخوازیی‌ خه‌باتی‌ گه‌له‌كی‌دا به‌ ئاستی‌ خۆنه‌ویستی‌ بگات ئه‌و كات بێگومان هزری‌ به‌ربڵاویی‌ كۆمه‌ڵگا ده‌روی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌بینێت كه‌ لێره‌دا پرسی پاكتاوكردن له‌ئارادا نیه‌و خورانی‌ رۆڵه‌كانی‌ راپه‌ڕین دۆخێكی‌ ده‌گمه‌نه‌. رێك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كاریزما خاوه‌نی‌ بیری‌ به‌رته‌سك‌و ئۆتۆریته‌رخواز بێت، هێز‌و بانگه‌وازی‌ ئه‌و خولیای خۆبه‌زلبینی‌‌و هه‌ڤیازبوونی‌ (ممتازبودن) لێ‌ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وكات تا ده‌ڕوا زێده‌تر هۆگر به‌خۆد ده‌بێت‌و هه‌موو ده‌ربیجه‌كان له‌سه‌ر هزری‌ كۆمه‌ڵگا قه‌پات ده‌كرێت. دیكتاتۆری‌‌و ئۆتۆكراسی خۆ راده‌نێت‌و تاك‌و ته‌نیا به‌ روانینی‌ بیرته‌سكی‌ خۆی سیستمی‌ پاش سه‌ركه‌وتن ده‌سه‌پێنێ‌. ئه‌و یه‌كه‌ هۆكاری‌ چه‌واشه‌بوونی‌ شوێنی‌ خه‌بات‌و به‌ قوربانیكی‌ كرانی‌ رۆڵه‌كانی‌ راپه‌ڕین تۆخ ده‌كات.
خوڵقاندی‌ كه‌سایه‌تیی‌ كاریزما فاكته‌رێكی‌ بێ‌ئه‌ملاوئه‌ولای‌ سه‌رنه‌كه‌وتنی‌ خه‌باته‌كانی‌ گه‌لان بووه‌‌و هه‌روه‌ها بارته‌قای‌ چه‌مكی‌ هۆگربه‌خۆبوونی‌ ئه‌وان سه‌رهه‌ڵدانی‌ دیكتاتۆر له‌ ناخی‌ كاریزمادا شوێنه‌واری‌ بووه‌. پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌ویش له‌ خه‌باته‌ ناسراوه‌كان‌دا به‌خته‌وه‌ریی‌ گه‌لانی‌ ده‌سته‌به‌ركردوه‌. له‌ جه‌مسه‌ری‌ یه‌كه‌م‌دا ئۆتۆریتایانیزمی‌ بیرته‌سك‌و خۆخوازی‌ وه‌ك هیتلێر، ئاتاتۆرك، سه‌ددام، خومه‌ینی‌‌و ئێستالین‌و...ئه‌نجامی‌ خه‌بات له‌ جه‌هه‌ننه‌می‌ پێشوو تێوپه‌ڕێنن‌و له‌ جه‌مسه‌ری‌ به‌رامبه‌ریش‌دا له‌خۆبردوویی‌ كاریزماكان وه‌فاداریی‌ ئه‌وان سه‌باره‌ت به‌ ئامانجه‌كانی‌ راپه‌ڕین‌و بڕوامه‌ندیی‌ راسته‌قینه‌ به‌ شوێنی‌ خه‌بات وه‌ك ماندێلا، گاندی‌، چه‌گڤارا، تا راده‌یه‌ك لێنین‌و... رێگای‌ به‌ئامانج گه‌یشتنی‌ خه‌ڵكیان به‌ مه‌زه‌نده‌ی‌ ئه‌رێ‌كردنی‌ هه‌ر جۆره‌ نه‌هامه‌تییه‌ك بۆ ژیانی‌ خۆیان پێك‌هێناوه‌.
بزاڤی‌ رزگاریخوازیی‌ گه‌لی‌ كورد‌و خه‌بات له‌ پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی‌ مافه‌ ره‌واكانی‌ خۆی هه‌ڵگری‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی‌ شازه‌ كه‌ به‌ دۆخی‌ تایبه‌تیی‌ ئه‌و گه‌له‌وه‌ پێوه‌ندیی‌ هه‌یه‌. گومان له‌وه‌دا نیه‌ كه‌ زۆرلێكراوترین گه‌لی‌ مێژوو جگه‌ له‌ كورد ناتوانێ‌ كه‌سی‌تر بێت‌و ئه‌م نووسراوه‌یه‌ مه‌ودای‌ ئه‌وه‌مان پێ‌نادا كه‌ هه‌وڵی‌ پێكه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ هه‌موو گه‌لان‌و سه‌لماندنی‌ ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ بده‌ین هه‌رچه‌ند ئاشكرایی‌ ئه‌م یه‌كه‌ له‌ كه‌س دانه‌پۆشراوه‌. هه‌روه‌ها سه‌لماندنی‌ ئه‌و بڕوایه‌ش كارێكی‌ چه‌توون نیه‌ كه‌ "بێگومان زۆرلێكراوترین گه‌ل یان نه‌ته‌وه‌كان ئاشتیخوازترین گه‌ل‌و نه‌ته‌وه‌كانن." هه‌ر له‌ گۆڕ وه‌ها پێودانگێكه‌وه‌ ئه‌گه‌ر خه‌بات ده‌كات خه‌باته‌كه‌شی هه‌ر ئه‌و كاراكته‌ری‌ ئاشتیخوازترینه‌ ده‌پارێزێت‌و ئه‌گه‌ر كاریزمایه‌ك ده‌خوڵقێنێ‌، ئه‌و وه‌ك به‌رهه‌می‌ ئه‌م دۆخه‌ ناتوانێ‌ له‌ پێوانه‌ی‌ مرۆڤدۆستی‌‌و ئاشتیخوازی‌ بترازێ‌. گه‌لێك كه‌ هیچ‌كات داگیركه‌ر نه‌بووه‌‌و به‌رده‌وام داگیركراوه‌، ده‌ستدرێژی‌ نه‌كردوه‌و ئامانجی‌ له‌ مێژینه‌ی‌ ده‌ستدرێژی‌ بووه‌و به‌ گشتی‌ ئه‌و كاتری‌ قسه‌ له‌ پێوه‌ندییه‌كانی‌ چه‌وسێنه‌ر‌و چه‌وساوه‌ ده‌كرێت هه‌میشه‌ به‌ركار‌و چه‌وساوه‌ بووه‌ نه‌ك بكه‌ر‌و چه‌وسێنه‌ر. ئه‌وها بوونه‌وه‌رێك سروشتییه‌ كه‌ له‌ هاوپێوه‌ندییه‌كانی‌ چه‌وسانه‌وه‌‌و ده‌ستدرێژی‌ بێزی‌ هه‌بێ‌. ئه‌گه‌ر كورد، بزاوتێكی‌ بووه‌ ته‌نیا بۆ سه‌لماندنی‌ بوونی‌ خۆی‌ بوه‌ له‌ هه‌مبه‌ر رامیاری‌‌و پیلانی‌ نكۆڵی‌‌و پاكتاوی‌ داگیركه‌ران‌دا. رێبه‌رانی‌ ته‌وه‌ری‌‌و كاریزمای‌ گه‌لی كورد مینا پێشه‌وا به‌ دانی‌ به‌رزترین نرخه‌كان‌و پێشكه‌شی گیان، به‌كرده‌وه‌ خۆنه‌ویستی‌‌و مرۆڤدۆستیی‌ خۆیان وه‌ك تایبه‌تمه‌ندییه‌كی‌ هه‌ڤیاز(ممتاز)‌و به‌رزپه‌رچین كردوه‌. ئه‌و ده‌ربڕێنه‌ پێشه‌وا به‌تایبه‌تی‌و هه‌موو به‌هاكانی‌ خه‌باتگاری‌ گه‌لی‌ كورد به‌ گشتی‌ ده‌خاته‌ خانه‌ی‌ كاریزمای‌ ئه‌رێنی‌‌و به‌ كاریزمابوونی‌ ئه‌وان نه‌ك هه‌ر شوێنی‌ خه‌بات‌و ئامانجه‌كانی‌ چه‌واشه‌ ناكات، بگره‌ ده‌یان‌و سه‌دان قات به‌رزتر، گوڕی‌ پێ‌ده‌دات‌و بارستایی‌ مرۆڤپه‌روه‌ری‌و دێموكراتیكی‌ ئه‌و خه‌باته‌ له‌ ره‌وتێكی‌ به‌رده‌وام‌دا ته‌نانه‌ت پاش تێداچوونی‌ خۆیشی‌ به‌رزتر‌و به‌رزتر ده‌كات. سه‌لماندنی‌ كاریگه‌ریی‌ بان‌ئاسایی‌‌و كاریزماتیكی‌ پێشه‌وا له‌و رووه‌وه‌ گونجاوه‌ كه‌ تێكه‌ڵاویی‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ "ژـ ك"، ئه‌ویش به‌ داكۆكی‌ زۆری‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌و پارته‌‌و هاوكاریی‌ پێشه‌وا دۆخێكی‌ تایبه‌تی‌ ده‌خاته‌ به‌رچاو كه‌ هیچ چه‌شنه‌ خۆسه‌پاندنێكی‌ تێدا نادیترێ‌ كه‌چی‌ ته‌نیا به‌ هۆی خۆشه‌ویستی‌‌و كرداره‌ بڕوامه‌ندانه‌‌و پاقژه‌كانی‌ خۆی ده‌بێته‌ ته‌وه‌ره‌ی‌ سه‌ركی‌‌و ئیتر ناوی‌ "شۆڕشی پێشه‌وا" جێگه‌ی‌ هه‌ر ناوێكی‌تر ده‌گرێته‌وه‌. به‌ واتایه‌كی‌تر بزاڤی‌ ئه‌و قۆناخه‌ی‌ كورد له‌ یاده‌وه‌ریی‌ كورد‌و غه‌یره‌ كوردیش‌دا، زۆرتر له‌ هه‌ر بابه‌تێك كه‌ كڵێشه‌ی‌ كه‌سایه‌تیی‌ پێشه‌وادا خۆی ده‌بنێته‌وه‌. كه‌ پێشتر ئاماژه‌كرا وه‌ك قۆناخی‌ راگواستن له‌ گرینگترین قۆناخه‌كانی‌ سه‌رجه‌م خه‌باتی‌ كورده‌.
ئه‌وها مه‌زنایه‌تییه‌ك كه‌ به‌ كه‌سایه‌تیی‌ پێشه‌وا دراوه‌‌و هه‌ر له‌ سه‌رده‌می‌ تێكه‌ڵاوبوونی‌ ئه‌و له‌ بزاڤ‌دا ‌به‌ هۆی هه‌ندێ‌ فاكته‌ر، وه‌ك مه‌زنایه‌تیی‌ نه‌ریتیی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ ئه‌و و پاڵپشتیی‌ ئایینیی‌ خۆی‌و باوانی‌، مینا ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كی‌ مێتافیزیكی‌ پیرۆز ده‌كرێت. به‌ روونی‌ دیاره‌ كه‌ ئه‌و مژاره‌ چ راده‌یه‌ك دره‌تانی‌ سه‌پاندنی‌ ویست‌و رای‌ خودی‌ پێشه‌وا پێك‌ده‌هێنێ‌. سه‌رنجدان به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ گه‌لۆ پێشه‌وا چ جۆر مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ له‌ ته‌ك ئه‌و دۆخه‌دا بووه‌‌و به‌ پێی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ خانه‌ی‌ كام كاریزماوه‌؟ به‌ واتایه‌كی‌تر ئاخۆ كاریزمایی‌ پێشه‌وا نه‌رێنی‌ بوو‌و خۆزلبینی‌‌و ئۆتۆكراسیی كه‌سی قازی‌ لێكه‌وتۆته‌وه‌ یان كاریزمایی ئه‌و كاریگه‌ریی‌ ئه‌رێنی‌ بووه‌‌و خۆنه‌ویستی‌‌و دێموكراسی ئافراندوه‌؟ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ وه‌ڵام پێویسته‌ پێشه‌وا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری‌ هه‌ردوو جه‌مسه‌ری‌ رابه‌رانی‌ كاریزمای‌ گه‌لانی‌ گه‌ردوون به‌راورد بكرێت. زێد له‌ شه‌ش ده‌یه‌ به‌ر له‌ ئێستا توێژێكی‌ "ئاریستۆكرات ـ مه‌زهه‌بی‌"ی‌ نه‌ریتی‌، پشتاوپشت خاوه‌نی‌ پیرۆزییه‌كی‌ ئایینی‌‌و ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كه‌ "نه‌ریتی‌ ـ ئه‌ربابی‌" بووه‌، كه‌ به‌ داكۆكی‌‌و داوای‌ زۆره‌وه‌ رابه‌ریی‌ خه‌باتێكی‌ نه‌ته‌وه‌خوازانه‌ی‌ ده‌خرێته‌ پاڵ. (پارێزكردنی‌ پێشه‌وا له‌ وه‌رگرتنی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ر له‌ هه‌رشت تایبه‌تمه‌ندیی‌ خۆنه‌ویستیی‌ ئه‌و ده‌سه‌لمێنێ‌.) ئه‌و جاره‌یان ئیتر له‌ هزری‌ "نه‌ریتی‌ ـ هۆزه‌كی‌"ی‌ كۆمه‌ڵگای‌ ئه‌و كات‌دا هه‌تا ئاستی‌ كه‌سێكی‌ تاقانه‌‌و بان‌مرۆڤی‌ مه‌زن ده‌بێت. ئه‌وه‌ چیرۆكی‌ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی‌ پێشه‌وایه‌‌و ده‌سه‌ڵاتێكی‌ بێ‌سنووری‌ به‌ده‌ر له‌ كڵێشه‌ی‌ رێسایی‌‌و كۆنتڕۆڵی‌ پێ‌دراوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر خولیای‌ ده‌سه‌ڵات‌و هۆگربه‌خۆ بایه‌ ده‌یتوانی‌ دیكتاتۆرییه‌كی‌ كه‌م وێنه‌‌و ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كی‌ "فێئۆدال ـ مه‌زهه‌بی‌" دابمه‌زێنێ‌ كه‌ پارێزه‌ری‌ ویست‌و به‌رژه‌وندییه‌كانی‌ تایبه‌تیی‌ خۆی بێت. بۆ پاڵپشتیی‌ ئه‌وه‌یكه‌ كه‌ ده‌یتوانی‌ له‌ ده‌ستڕۆیشتوویی‌ ئایینی‌‌و نه‌ریتیی‌ خۆی‌و بنه‌ماڵه‌شی‌ كه‌ڵك وه‌ربگرێ‌ به‌ڵام له‌خۆبردووی‌و خۆنه‌ویستیی‌ پێشه‌وا‌و دڵسوزیی‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئه‌و له‌ هه‌مبه‌ر گه‌له‌كه‌ی‌ ته‌نیا هێزێكه‌ رووبه‌ڕووی‌ شیمانه‌ی‌ ئه‌وها خوازیارگه‌لێك بۆته‌وه‌‌و، مینا گاندی‌‌و ماندێلا هه‌موو نه‌هامه‌تی‌‌و خه‌سارێك وه‌رده‌گرێ‌‌و له‌ كاتێك‌دا ده‌ره‌تان بۆ پاراستنی‌ گیان زۆر له‌ مردن زێده‌تر هه‌یه‌، پێشه‌وای‌ كاریزما به‌ هه‌ڵبژاردنی‌ دووهه‌م ئه‌و جاره‌یان بۆ هه‌میشه‌ ده‌بێته‌ پاڵه‌وانێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و به‌هایه‌كی‌ پیرۆز.
ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تیی‌ خومه‌ینی‌ ـ نوێنه‌ری‌ زه‌قی‌ كاریزمای‌ نه‌رێنی‌ ـ ‌و پێشه‌وا كه‌ نوێنه‌ری‌ كاریزمای‌ ئه‌رێنیه‌، پێكه‌وه‌ هه‌ڵ‌سه‌نگێندرێن ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ ئاكامی‌، هه‌موو كرداره‌كانی‌ ئه‌وان ته‌واو پێچه‌وانه‌ی‌ یه‌كتره‌. جارێكی‌تر له‌ دۆخێكی‌ هاوشێوه‌دا خه‌باتی‌ هه‌موو گه‌لانی‌ ئێران هه‌وڵی‌ خوڵقاندنی‌ كاریزما‌و ته‌وه‌ری‌ یه‌كیه‌تی‌ ده‌دات‌و ئه‌و ته‌وه‌ره‌ له‌ كه‌سایه‌تیی‌ ئاخوندێكی‌ خاوه‌ن باندۆڕی‌ نه‌ریتی‌‌و مه‌زهه‌بی‌دا ده‌دۆزێته‌وه‌. "ئاریستۆكرات ـ مه‌زهه‌بی‌"ی‌ ئه‌وجاره‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ پێشه‌وا ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كی‌ نوێباو، "فێئۆدالیزمی‌ ئایینی‌" ته‌نێ‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ بیری‌ به‌رته‌سك‌و ئایدۆلۆژێكی‌ خۆی‌دا داده‌مه‌زرێنێ‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌موو ئامانجه‌كانی‌ خه‌بات، دیكتاتۆریی‌ تێئۆكراتیك له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ رووخاوی‌ پێشووی‌ په‌هله‌ویش چڕتر خۆ راده‌نێ، ده‌ره‌تانی‌ جیابیری‌‌و سه‌ربه‌ستیی‌ رامان به‌ ته‌واوی‌ قوت ده‌كرێ‌‌و راپه‌ڕین به‌ شێوه‌یه‌كی‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو ده‌ست به‌ خواردنی‌ رۆڵه‌كانی‌ خۆی ده‌كا. كه‌مایه‌تییه‌ ئایینی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان ته‌واو ئاسته‌نگ ده‌كرێن. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ قۆناخی‌ كۆماری‌ كوردستان‌دا ته‌نیا جارێكیش ناڕه‌زایی‌ كه‌مایه‌تییه‌ ئایینی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كۆمار نه‌بیسرا‌و به‌ندییه‌كی‌ رامیاری‌ نه‌دیترا.
به‌ بڕوای‌ "ماكس وێبێر"، مانه‌وه‌ی‌ كاریزما پێویستی‌ به‌ چاكسازیی‌ به‌رده‌وامی‌ خۆی هه‌یه‌‌و ئه‌و یه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی‌ جووڵانه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام به‌ قازانجی‌ كۆمه‌ڵگادا ده‌دۆزیه‌وه‌، ده‌نا تووشی داكشان ده‌بێت‌و سیمای‌ پیرۆزی‌ خۆی‌ ده‌دۆڕێنێ‌‌و پێڕه‌وه‌كانیشی‌ په‌ژیوان ده‌بن‌و لێی‌ ده‌پرینگێنه‌وه‌.
له‌ كاتێك‌دا خومه‌ینی‌، سه‌ددام‌و ئێستالین ته‌نیا چه‌ند رۆژ پاش گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵات، ده‌ست به‌ پاكتاوكردن‌و په‌راوێزخستنی‌ هاوخه‌باته‌كانی‌ چه‌ن رۆژ پێشی‌ خۆیان ده‌كه‌ن‌و هیچ ده‌ره‌تانێك بۆ رامانی‌ سه‌ربه‌ست‌و بیروڕای‌ جیاواز ناهێڵن، ده‌بینین به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ خه‌باتی‌ گاندی‌‌و ماندێلا‌و پێشه‌وادا هه‌ر چه‌شنه‌ گۆڕانێك راسته‌وخۆ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ رای‌ گشتی‌‌و به‌ پێی‌ پێویستیی‌ بارودۆخ سه‌رده‌گرێت.
ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژاردنی‌ قازی‌ محه‌ممه‌د وه‌ك سه‌ركۆمار‌و بوونی‌ به‌ پێشه‌وا، نیشانه‌ی‌ شێوازێكی‌ تایبه‌تیی‌ بان‌دێموكراسی بووه‌. ده‌زانرێ‌ كه‌ له‌ مه‌ڕ داخوازیی‌ خودی‌ خه‌ڵك‌و پێداگریی‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ "ژـ ك"، ئه‌و پله‌یه‌ درا به‌ قازی‌‌و نه‌ك هه‌ر چه‌شنه‌ سه‌پاندنێكی‌ تێدا به‌دی‌ ناكرێت، ته‌نانه‌ت كه‌س خۆی به‌بژارناكات تا له‌ ره‌وتی‌ هه‌ڵبژاردن‌و به‌ لێی‌ ئاژیتاسیۆن (تبلیغات)ی‌ باو بۆ ئه‌و یه‌كه‌ لانی‌ زۆری‌ ده‌نگ كۆبكاته‌وه‌. لێره‌دا قازی‌ خۆی وه‌ك پاڵێوراو نه‌ناساندوه‌ به‌ڵام له‌ لای‌ خه‌ڵك به‌ رێژه‌ی‌ ره‌ها هه‌ڵ‌ده‌بژێردرێت‌و ناچار به‌ قبووڵكردنی‌ ده‌كرێ.
ده‌ره‌تانی‌ هیچ بڕیارێكی‌ تاكه‌كه‌سی له‌و قۆناخه‌دا نیه‌‌و رێككه‌وتنی گشتی‌ به‌سه‌ر هه‌ر بڕیارێك‌دا زاڵه‌. ناوی‌ كۆمه‌ڵه‌ ده‌كرێته‌ به‌ "حدك"‌و ئامانجه‌كان گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، (سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌ ده‌كرێت به‌ ئۆتۆنۆمی‌ بۆ كوردستانی‌ ئێران‌و ...) به‌ڵام هیچ ناڕه‌زاییه‌ك نابیسرێ‌ هه‌ڵبه‌ت ده‌سه‌ڵاتێكی‌ ئه‌وتۆ نیه‌ كه‌ ئه‌و گۆڕان‌و بڕیارانه‌ بسه‌پێنێ‌‌و له‌ ترسی ئه‌و مه‌ودای‌ ناڕه‌زایی‌ نه‌بێ‌، كه‌وابێ‌ ته‌نیا یه‌ك هۆكار بۆ ئه‌و یه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌ویش هه‌بوونی‌ دێموكراسیی راسته‌قینه‌یه‌.
2ـ سێكۆلاریزم له‌ قۆناخی‌ كۆماردا: له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ شازه‌كانی‌ قۆناخی‌ كۆمار كه‌ بانگه‌شه‌ی‌ ئێمه‌ له‌مه‌ڕ به‌ قۆناخی‌ راگواستن‌و وه‌رچه‌رخان زانین، زیاتر پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌، هه‌وڵی‌ سرینه‌وه‌ی‌ پیرۆزیی‌ ئایینی‌‌و مه‌زنایه‌تیی‌ نه‌ریتی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌، تێیدا به‌روونی‌ به‌رچاوه‌‌و كاریگه‌ریی‌ كه‌سایه‌تیی‌ رووناكبیریی‌ پێشه‌وا له‌و یه‌كه‌دا به‌روونی‌ دیاره‌. پێشه‌وا هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ پێوه‌ندیگرتن به‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ "ژـ ك"وه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ی‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی‌ پیرۆزیی‌ ئایینی‌به‌كرده‌وه‌ ده‌ست پێ‌كرد. له‌ پێكهاته‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌دا هه‌ندێ‌ ئاسه‌واری‌ ئایینی‌، وه‌ك سوێندخواردن به‌ په‌رتووكه‌ پیرۆزه‌كان‌و په‌یمان به‌ستن بۆ هاوكاریی‌ هه‌تاهه‌تایی‌ هه‌بوو كه‌ مه‌زنایه‌تیی‌ ئایینی‌‌و غه‌یره‌ئایینیی‌ پێ‌ده‌به‌خشێ‌. كه‌ دوایی‌ به‌ پێی‌ داهێنانێكی‌ ئه‌و و گۆڕینی‌ كۆمه‌ڵه‌ به‌ "حدك" ئه‌و بابه‌تانه‌ هیچیان نامێنن. تا به‌ ئه‌وڕۆ ئه‌و داهێنانه‌ی‌ پێشه‌وا له‌ سیستمی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ‌ئێران‌دا ماوه‌ته‌وه‌‌و به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ پارته‌كانی‌ تری‌ گه‌لی‌ كورد، هیچ ناچاركردنێك بۆ به‌ ئه‌ندام بوون یان مانه‌وه‌ تێیدا نیه‌.
ئێمه‌ باسمان له‌ باندۆڕی‌ كاریزمایی‌ پێشه‌وا كرد‌و ئه‌و یه‌كه‌ له‌گه‌ڵ مژاری‌ سێكۆلاریزم‌دا ناته‌بایی‌ هه‌یه‌. به‌ڵگه‌ی‌ زۆر هه‌ن كه‌ ده‌سه‌لمێنن پێشه‌وا ئه‌و كێشه‌یه‌ی‌ هه‌ست پێ‌كردبوو و به‌ كرده‌وه‌ش هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ دابوو. مژاری‌ كاریزمایی‌ پیشه‌وا بۆ دو هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌: ئاـ هه‌روه‌ك پێشتر وترا پێشه‌وا وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی‌ ئایینی‌ ناسراو به‌ر له‌ كۆماریش جۆرێك مه‌زنایه‌تیی‌ هه‌بوو كه‌ ئه‌ویان شوێنی‌ له‌سه‌ر پێشه‌وای‌ سه‌رۆك كۆماریش هه‌ر مابوو. هه‌رچه‌ند خۆی زانایه‌كی‌ ئایینی‌‌و به‌بڕوا بوو، به‌ڵام هه‌وڵی‌ زۆری‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ئایین له‌ ده‌سه‌ڵات داوه‌ كه‌ باندۆڕی‌ پۆزه‌تیڤی‌ تا ئێستاش له‌سه‌ر بزاڤی‌ كورد به‌رده‌وامه‌. ب ـ روانینی‌ نه‌رێتیی‌ هه‌موو گه‌لان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و ده‌وڵه‌ت به‌ جۆرێك به‌زلزانین‌و به‌ پیرۆز زانینی‌ ده‌وڵه‌تی‌ له‌ ماك‌دا هه‌یه‌ كه‌ پێوه‌ندیداره‌ به‌ ئاست نزمیی‌ زانیاری‌‌و خوێنده‌وارییه‌وه‌. پۆزیسیۆنی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ پێشه‌وا وه‌ك سه‌رۆك كۆمار، جۆرێك به‌ مه‌زنایه‌تیی‌ بینینی‌ له‌ لای‌ جه‌ماوه‌ره‌وه‌ لێ‌ده‌كه‌وێته‌وه‌‌و ئاستی‌ لاوازی‌ خوێنده‌واری‌‌و پێكهاته‌ی‌ زاڵی‌ هۆزه‌كیی‌ كوردستان زێده‌تر دنه‌ی‌ ئه‌ویكه‌ی‌ ده‌دا. پێشه‌وا بۆ به‌ربه‌ره‌كانێ‌ له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و یه‌كه‌دا له‌ لایه‌ك هه‌وڵی‌ دامه‌زراندنی‌ سیستمێكی‌ مۆدێڕن‌و شارستانی‌ ده‌دا‌و به‌ گشتی‌ كۆمار گرنگیی‌ زۆری‌ به‌ زانست‌و خوێنده‌واری‌‌و پێشكه‌وتن‌و پیشه‌سازی‌ داوه‌. ئه‌گه‌ر به‌سه‌ره‌نجدان له‌ هێزه‌كان‌و ده‌رفه‌ت‌و سه‌رمایه‌ی‌ زۆر كه‌می‌ ئه‌وكات له‌ مۆدێڕنیزاسیۆن بڕوانرێت، به‌ڕاستی‌ ده‌بێ‌ وه‌ك شانازییه‌ك تۆماربكرێت. له‌ لایه‌كی‌تر بڕیاردانی‌ هاوبه‌ش له‌مه‌ڕ كاروباری‌ گشتی‌ كه‌ له‌ قۆناخی‌ كۆماردا كرا به‌ كولتوور، خۆی شێوه‌یه‌ك به‌ربه‌ره‌كانێ‌ كردن له‌گه‌ڵ مه‌زنایه‌تیی‌ نگه‌تیڤی‌ ده‌سه‌ڵات‌و هه‌وڵێكی‌ گرنگ له‌ پێناو سێكۆلاریزم‌دا بوو. پێِشه‌وای‌ نه‌مر تا راده‌یه‌ك بڕوای‌ به‌ رای‌ گشتی‌ هه‌بوو كه‌ ته‌نیا بریارێك كه‌ به‌ تاك دابێتی‌‌و رای‌ گشتی‌، ئه‌رێی‌ نه‌كردبێ‌ بێگومان ئه‌وه‌ ته‌نیا بڕیاری‌ كۆتایی‌ ئه‌و بووه‌ له‌مه‌ڕ مانه‌وه‌ له‌ ناوشاردا‌و له‌ سێداره‌دانی‌ ئه‌و! ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ین كه‌ ئه‌وه‌ش درێژه‌ی‌ هه‌وڵی‌ ئه‌و بوو بۆ سڕینه‌وه‌ی‌ مه‌زنایه‌تیی‌ خۆی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدار. ئیتر پێشه‌وا پیرۆز نیه‌ به‌ هۆی ده‌سه‌ڵاتداری‌ یان پله‌ی‌ ئایینی‌، پێشه‌وا وه‌ك چالاكێكی‌ تێكۆشه‌ر‌و به‌هایه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و سه‌مبۆلی‌ خۆڕاگری‌، بۆته‌ به‌شێك له‌ میتۆلۆژیا(اسگوره)ی‌ گه‌له‌كه‌ی‌!
3ـ گه‌لۆ پێشه‌وا ناسیونالیستێكی‌ توندئاژۆ‌و ره‌گه‌زپه‌رست بووه‌ یاخود نیشتمانپه‌روه‌رێكی‌(پاتریۆئۆتیست)مرۆڤ‌دۆست؟ ناسیۆنالیزم، پانتایی‌یه‌كی‌ به‌رینی‌ واتایی‌ له‌خۆ ده‌گرێت‌و له‌ شێوه‌ی‌ سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی‌ خۆی‌دا شۆڤێنیزمی‌ لێ‌ده‌بێته‌وه‌. هزری‌ شۆڤینییانه‌ جۆرێك زێده‌ڕۆیی‌ كردن له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی‌ دایه‌‌و به‌ گه‌لپه‌رستی‌ ده‌ناسرێت كه‌ خاوه‌نی‌ ئه‌و هزره‌، گه‌لی مه‌بست له‌چاو گه‌ل‌و نه‌ته‌وه‌كانی‌تر وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی‌ پیرۆز‌و مه‌زنتر ده‌زانێ‌‌و سه‌ربه‌ستی‌‌و به‌ختیاریی‌ گه‌لی خۆی به‌ مه‌زنده‌ی‌ زیان گه‌یاندن به‌ گه‌ل‌‌و نه‌ته‌وه‌كانی‌تره‌وه‌ به‌ ره‌وا ده‌بنیێ‌‌و ئه‌وه‌ جه‌مسه‌ری‌ نه‌رێنی‌ واتای‌ ناسیۆنالیزمه‌. به‌ڵام بوونی‌ هه‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌خوازیی‌ دێموكراتیك‌و مرۆڤدۆست كه‌ هه‌ما نیشتمانپه‌روه‌رییه‌، نه‌ك هه‌ر مژارێكی‌ زیانبار نیه‌ به‌ڵكوو له‌ فاكته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ هه‌بوونی‌ هه‌ستی‌ مرۆڤدۆستییه‌. له‌و مژاره‌دا تاكی‌ نیشتمانپه‌روه‌ر، ره‌هه‌ندی‌ خۆشه‌ویستیی‌ زێد‌و هاوڕه‌گه‌زی‌ خۆی‌ له‌ چه‌مكی‌ مرۆڤدۆستی‌دا ده‌دۆزێته‌وه‌‌و سه‌ربه‌رزیی‌ گه‌ل‌و نیشتمانه‌كه‌ی‌ له‌ ده‌سته‌به‌ركرانی‌ مافی‌ ره‌وا‌و به‌رابه‌ری‌ هه‌موو مرۆڤه‌كان‌دا ده‌دۆزێته‌وه‌‌و ئه‌وه‌یان جه‌مسه‌ری‌ ئه‌رێنیی‌ واتای‌ ناسیۆنالیزمه‌. ئه‌م نووسراوه‌یه‌ له‌ وزه‌ی‌ خۆیدا نابینێ‌ كه‌ به‌وردی‌ هه‌وڵی‌ راڤه‌ی‌ تێروته‌سه‌لی‌ كه‌سایه‌تیی‌ پێشه‌وا له‌مه‌ڕ ره‌گه‌زپه‌رست‌بوون یاخود نیشتمانپه‌روه‌ربوون بدات‌و وه‌ك بابه‌تێكی‌ پرۆفیشناڵ (تخصصی‌)‌و شیاوی‌ لێكۆڵین،بۆ شاره‌زایانی‌ ده‌هێڵێته‌وه‌ به‌ڵام هه‌ندێ‌ ئاماژه‌ی‌ سه‌ره‌تایی‌ داخوازه‌كانی‌ پێشه‌وا له‌مه‌ڕ مرۆڤدۆستی‌‌و بڕوامه‌ندی‌ به‌ مافی‌ به‌رابه‌ری‌ گه‌لان پیشان ده‌ده‌ین كه‌ هه‌ستی‌ نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی‌ ئه‌و پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌. ئاـ كۆماری‌ كوردستان‌و گه‌لانی‌تر، بوونی‌ هاوكاری‌‌و دۆستایه‌تی‌ له‌گه‌ڵ گه‌له‌ به‌شخوراوه‌كانی‌ دیكه‌ له‌ قۆناخی‌ كۆماردا له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ گرنگی‌ كۆماربووه‌‌و ئه‌وه‌ خۆی تاڕاده‌یه‌كی‌ به‌رچاو ئه‌نجامی‌ تێكۆشانی‌ پێشه‌وای‌ سه‌رۆك كۆمار بووه‌. ب ـ هه‌وڵی‌ خه‌بات بۆ پێكه‌وه‌ژیانی‌ دێموكراتیك، وه‌ك ئاڵتێرناتیڤێك بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ كورد، گرینگرتر گۆڕانێكه‌ كه‌ له‌ قۆناخی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ "ژـ ك" بۆ "حدك" وه‌به‌رچاو دێت. ئه‌گه‌رچی‌ پێشه‌وا بۆ ئه‌و گۆڕانه‌ "پێویستیی‌ قۆناخی‌" وه‌ك هۆكار هێناوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام پێشه‌وا به‌ ئاگاداری‌ له‌و بابه‌ته‌ی‌ كه‌ "پێكه‌وه‌ژیانی‌ گه‌لان‌و هاوپێوه‌ندیی‌ دۆستانه‌‌و مافی‌ به‌رابه‌ر" زیاتر له‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ به‌ قازانجی‌ گه‌لی‌ كورد‌و گه‌لانی‌ تره‌، ئه‌و گۆڕانه‌ی‌ پێك‌هێناوه‌. ج ـ له‌ هه‌رێمی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ كۆماردا كه‌مایه‌تییه‌ك له‌ گه‌لانی‌ غه‌یره‌كوردیش هه‌بوون كه‌ مافیان له‌ ئاستێكی‌ لۆژیك‌دا پارێزراو بوو. هیچ نیشانه‌یه‌ك له‌ ناڕه‌زایی‌‌و چه‌وسانه‌وه‌یان نه‌دیتراوه‌. ئه‌وه‌یان به‌ڵگه‌یه‌كی‌ سه‌لمێنه‌ره‌‌و شۆڤێنیست نه‌بووی‌ كۆمار‌و كه‌سایه‌تیی‌ پێشه‌وا پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌. د ـ له‌ هه‌موو گرینگترهه‌وره‌ك له‌ گشت ئه‌م وتاره‌دا باس كرا، قۆناخی‌ ده‌سه‌ڵاتدرایی‌ كۆمار‌و سه‌رۆك‌كۆماریی‌ ئه‌و، به‌پێی‌ هه‌لومه‌رجی‌ ئه‌وكات له‌ ئاستێكی‌ لۆژیكی‌ ـ دێموكراسیدا خۆی راناوه‌. ئه‌وه‌یان خۆی له‌گه‌ڵ شۆڤێنیزم لێكدژیی‌ هه‌یه‌. دێموكراسی‌و ره‌گه‌زپه‌رستیی‌ به‌رچاوته‌نگ پێكه‌وه‌ كۆ ناكرێنه‌وه‌. ره‌وشی پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌وه‌ش هیچكات نه‌دیتراوه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ تاك یان گرووپی‌ شۆڤێنیست ته‌نانه‌ت له‌ گه‌ل‌و نه‌ته‌وه‌ی‌ خۆشی‌دا، هه‌ڵسوكه‌وتی‌ دێموكراتییانه‌ی‌ بووبێ‌. ره‌گه‌زپه‌رستی‌ داگری‌ هه‌ندێ‌ تایبه‌تمه‌ندیی‌ وه‌ك ده‌مارگرژی‌، به‌رچاوته‌نگی‌، نه‌بوونی‌ بڕوا به‌ مرۆڤایه‌تی‌‌و به‌رابه‌ریی‌ مرۆڤه‌كان‌و ...یه‌ كه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی‌ دێموكراسین‌و قۆناخی‌ كۆمار‌و ده‌سه‌ڵاتداریی‌ پێشه‌وا پاقژ له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ بووه‌.
به‌و ئاماژه‌ كورته‌ كه‌سایه‌تیی‌ پێشه‌وا وه‌ك مرۆڤێكی‌ نیشتمانپه‌روه‌رانه‌‌و مرۆڤدۆست خۆ ده‌نوێنێ‌....



> New Page 3

Proud Signatory and Members of:

Congress of Nationaliteis for a Federal Iran

Democracy, Freedom, Pluralism

The Socialist International

Working Group on the Kurdish Question

Background:

Iran: Human rights abuses against the Kurdish minority

English: HTML |PDF

Kurdish: HTML | PDF

Persian: HTML | PDF

Iran in maps
Find out more about people, land and infrastructure

courtesy of BBC

 
Democratic Party of Iranian Kurdistan, PDKI © All Rights Reserved   2012