مسته‌فا هیجری
ده‌وری هه‌شته‌می به ناو هه‌ڵبژاردنه‌كانی مه‌جیلسی كۆماری ئیسلامی له ره‌شه‌ممه‌ی ساڵی 1386 كۆتایی هات‌و هه‌ر به‌و جۆره‌ی كه پێشبینی ده‌كرا‌و پێشتریش باسمان كردووه، موعجیزه‌ی سندووقه‌كان جارێكی دیكه خۆی نیشان دا. ئامارێكی باڵا بڵیند له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و شانۆسازییه‌وه راگه‌یه‌ندرا، جه‌نابی رێبه‌ر‌و باقیی ده‌مڕاسته‌كانی رێژیم وه‌ك جارانی پێشوو سوپاسی به‌شداریی بێ‌وێنه، یان كه‌م‌وێنه‌ی خه‌ڵكیان له شانۆسازییه‌كه‌دا كرد‌و رایانگه‌یاند كه ئه‌مجاره‌ش ئوممه‌تی هه‌رده‌م له گۆڕه‌پان به‌و به‌شداری‌یه‌یان مستێكی قایمیان له ده‌می دوژمنانی ئیسلام وه‌شاند‌و ئه‌وانیان بێ‌هیوا كرد. وه‌كوو په‌ندێكی كورده‌واری خۆمان ده‌ڵێ: "بۆخۆیان بڕیان‌و بۆخۆیان دووریان." به دوور له چاوی نامه‌حره‌مان شانۆكه‌یان به‌ڕێوه برد‌و به دڵی خۆیان ژماره‌ی به‌شدارانیان راگه‌یاند. ئاماده‌كار، به‌ڕێوه‌به‌ر‌و به‌شدارانی شانۆكه هه‌ر بۆخۆیان بوون، بۆیه‌ش نه‌ك هه‌ر ئیزنیان نه‌دا چاوه‌دێرانی بێ‌لایه‌نی ده‌ره‌كی له سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان ئاماده بن، به‌ڵكوو له هه‌ندێك له شاره‌كاندا، ته‌نانه‌ت ئیزنیان به چاوه‌دێرانی تاقمی به ناو ریفۆرمیش نه‌دا بێنه سه‌ر سندووقه‌كان. ئه‌وه بێجگه له سڕینه‌وه‌ی ناوی ئه‌و كاندیداتۆرانه بوو كه نه‌ك دژایه‌تیان له‌گه‌ڵ رێژیم بووبێ، به‌ڵكوو گومانی لاوازترین جیابیریان لێكردبن. شانۆسازانی ئه‌م شانۆگه‌ریه، بێ‌شه‌رمانه‌یه به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستاون‌و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دوای ته‌واو بوونی ده‌نگدانه‌كه‌ش ئاگادار كرانه‌وه كه مه‌سه‌له‌ن له پله‌یان ده‌رچووه‌و یه‌كێك له هه‌ڵبژێردراوه‌كان جومعه‌یه‌ك له نوێژی هه‌ینی‌دا به‌شدار نه‌بووه، ده‌نگه‌كانی ئه‌و كاندیداتۆره‌شیان هه‌ڵوه‌شاوه راگه‌یاند.
ئه‌م به‌زمه به به‌رچاوی هه‌موو حه‌شیمه‌تی نزیك به 70 ملیۆنیی خه‌ڵكی ئێرانه‌وه به‌ڕێوه چووه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وجاره به‌ڵكوو له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه تا ئێستا ئه‌وه بۆ هه‌شتمین جاره ـ بێجگه له به‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه ـ هه‌ر به ناوی هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی شورای ئیسلامی‌یه‌وه ئه‌و شانۆسازییه قیزه‌ونه دووپات ده‌بێته‌وه.
ئێمه له نزیكه‌وه ئاگادارین كه راده‌ی به‌شدارایی خه‌ڵك له‌و شانۆگه‌ریانه‌دا جار له‌گه‌ڵ جار كه‌متر بووه‌ته‌وه‌و له‌م دوایین شانۆگه‌ریه‌دا له هێندێك له شاره‌كانی كوردستاندا، تا ڕاده‌ی 15 تا 20 له سه‌د دابه‌زی. له‌م ده‌رسه‌ده‌یشدا دیاره به‌شێكیان جیره‌خۆری رێژیمن‌و به هه‌ر هۆیه‌ك بێ به‌شێكن له‌و ده‌سه‌ڵاته دژی گه‌لیه‌و، ژیانیان به مانه‌وه‌ی ئه‌و رێژیمه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. بۆیه هیچ چاوه‌ڕوانی‌یه‌ك له‌م گرووپه ناكرێ كه ده‌ست له هاوكاری رێژیم به‌رده‌ن‌و وه‌ك زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵكی ئازادیخوازی كورد دژی سته‌م‌و بێدادیی ده‌سه‌ڵاتی حاكم راوه‌ستن. به‌ڵام بێجگه له‌وانه، كه‌سانێك له ژماری ئه‌و ده‌رسه‌ده به‌شداره‌دا هه‌ن كه ئه‌و حكوومه‌ته هیچ حیسابێك بۆ ئه‌وان ناكا، ره‌نگه زوڵم لێكراوتر‌و بێ‌به‌شتر له باقی خه‌ڵكه‌كه‌ش بن به‌وحاڵه‌ش دێنه سه‌ر سندووقه‌كان‌و ده‌نگ ده‌ده‌ن.
به‌ڵام خۆ موسیبه‌ته‌كه هه‌ر به ئه‌ونده كۆتایی پێ‌نایه، به‌ڵكوو جاروبار له هێندێك ناوچه‌دا به شێوه‌یه‌كی پڕ ئێش‌و ئازارتر ده‌رده‌كه‌وێ‌و بێجگه له حه‌سره‌ت‌و داخ هیچی دیكه‌ت بۆ ناهێڵێته‌وه.
به دوای كۆتایی ده‌وری دووهه‌می به‌ناو هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران‌و راگه‌یاندنی ئاكامی هه‌ڵبژاردن له لایه‌ن دام‌و ده‌زگاكانی پێوه‌ندیداره‌وه له حه‌وتووی یه‌كه‌می بانه‌مه‌ر، به‌هۆی درۆی ئاشكرای رێژیم له ژماردن‌و راگه‌یاندنی كاندیدای دڵخوازتری خۆی وه‌كوو سه‌ركه‌وتوو، ژماره‌یه‌ك له‌و خه‌ڵكه ده‌ستیان كرد به رێپێوان‌و ده‌ربڕینی ناره‌زایه‌تی كه بۆچی فڵان كاندیدایان له باتی فیسار كاندیدا به سه‌ركه‌وتوو راگه‌یاندووه. له‌و پێوه‌ندیه‌دا "ئیوانی رۆژئاوا" له ئوستانی ئیلام، به ده‌ربڕینی ناره‌زایه‌تی خه‌ڵك به دژی چه‌واشه‌كاری‌و ده‌ستتێوه‌ردانی رێژیم له راگه‌یاندن‌و ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، به‌داخه‌وه چوار كوژراو چه‌ندین برینداری لێكه‌وته‌وه‌و له "شنۆ"ش بوو به هۆی خۆپیشاندانێكی ناره‌زایه‌تیی ئاشتیخوازانه‌و ناردنی هه‌یئه‌تی نوینه‌رایه‌تیان بۆ تاران بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی تووڕه‌یی خه‌ڵك به دام‌و ده‌زگاكانی رێژیم‌و به تایبه‌ت مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی كه بێ‌گومان هیچ وه‌ڵامێكیان نادرێته‌وه.
ئه‌م رووداوانه له چه‌ند لایه‌نه‌وه جێگای لێ وردبوونه‌وه‌و تێڕامانه:
یه‌كه‌م:
دوای دووپات بوونه‌وه‌ی حه‌وت جار شانۆسازی به ناو هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیس‌و ئه‌زموون كردنی حه‌وت جار چه‌واشه‌كاری، فێڵبازی رێژیم‌و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنێك كه هیچ بنه‌مایه‌كی هه‌ڵبژاردنی ئازادی پێوه دیار نیه، دوای ئه‌وه‌ی كه حه‌وت جار به به‌رچاوی هه‌موو خه‌ڵكه‌وه، نوێنه‌ری دڵخوازی خه‌ڵك ئیزنی به‌شداریان له هه‌ڵبژاردن پێ نادرێ‌و ئه‌گه‌ر به مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی ده‌وری شانۆ ئیزنی به‌شداریشیان پێ‌بدرێ ناهێڵن سه‌ركه‌وتووبن‌و بی‌و شێوه‌یه كه پێویسته داكۆكی له مافی خه‌ڵك بكه‌ن.
به‌و حاله‌ش ئه‌و تاقمه بۆ جاری هه‌شته‌مه له‌و ده‌نگدانه‌دا به‌شداریی ده‌كه‌ن‌و سه‌رباری هه‌موو ئه‌و ده‌ردانه‌ش كاتێك ئاكامی كاره‌كه ده‌بینن ده‌ست ده‌كه‌ن به ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی‌و وه‌ك هێمامان پێدا له شارێكی وه‌ك "ئیوان" كار ده‌گاته ئه‌و جێگایه‌ی كه ژماره‌یه‌ك ده‌كوژرێن‌و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش بریندار ده‌بن. وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئه‌وه یه‌كه‌مجاره ئه‌وان له هه‌ڵبژاردن به‌شداری‌یان كردووه‌و یه‌كه‌م جاره كه كاندیدای دڵخوازی ئه‌وان به فێل وه‌لاده‌نرێ! چ شتێك ئه‌و چاوه‌روانییه‌ی له‌و خه‌ڵكه‌دا پێك هێناوه كه له شانۆسازی ده‌وری هه‌شته‌مدا ده‌نگ بده‌ن‌و كاندیدای دڵخوازی خۆیان هه‌ڵبژێرن؟
بێ‌گومان هه‌موو ده‌زانن كه هێچ ئاڵ‌وگۆڕێك له یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا نه‌هاتوه‌ته پێش، شورای نیگه‌هبان هه‌ر ئه‌وه‌یه كه له سه‌ره‌تادا بووه‌و ئێستا تووند‌و تیژتره به‌دژی ده‌نگی خه‌ڵك، حكوومه‌ت هه‌ر ئه‌و كۆماری ئیسلامیه‌یه كه نزیك به 30 ساڵه له به‌رچاویانه. به كورتی هیچ موعجیزه‌یه‌ك له‌و به‌ینه‌دا رووی نه‌داوه تا چاوه‌ڕوانییه‌كی بێ بنه‌مای ئه‌تۆ له خه‌ڵكدا هاتبێته پێش، هه‌ر بۆیه هیچ ره‌واییه‌ك بۆ به‌شداری ئه‌و خه‌ڵكه‌و به دوای ئه‌وه‌دا ئه‌و شێوه ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینه له ئارادا نیه.
دیاره رێژیم بۆ بازاڕگه‌رمیی هه‌ڵبژاردن‌و بۆ راكێش كردنی خه‌ڵك بۆ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان یه‌كێك له‌و رێگایانه‌ی هه‌ڵیبژاردووه، پێكهێنانی ململانێ‌یه‌كی ناشارستانی‌و ته‌نانه‌ت دوژمنایه‌تی له نێو ئه‌واندا وه‌ك ململانێی نێوان شاری‌و گوندی، عه‌شیره‌تی، زاراوه‌یی‌و... یه، به‌ڵام خۆ ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م جار‌و ته‌نیا له ده‌وری هه‌شته‌مدا رووی نه‌داوه، به‌ڵكوو وه‌ك هه‌موو پیلانه‌كانی دیكه‌ی رێژیم له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌م پیلانه‌ش دووپات بووه‌ته‌وه.
دووهه‌م:
ئه‌م خه‌ڵكه پێیان وایه ئه‌گه‌ر له جیاتی كاندیدای دڵخوازی ئه‌وان یه‌كی دیكه جێگای گرته‌وه چ ئاڵ‌وگۆڕێك له ژیانی ئه‌واندا دێته پێش؟ ئه‌گه‌ر وایدابنێین لێهاتووترین كه‌سایه‌تییه‌كان بچنه مه‌جلیس ده‌توانن چ شتێك له‌و وڵاته‌دا بگۆڕن؟ نوێنه‌ری لێهاتوو له پێكهاته‌ی ده‌سه‌لاَتێكدا ده‌توانێ شوێندانه‌ر بێ كه سه‌ربه‌ست بێ له ره‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵات، پێشكه‌ش كردنی پرۆژه‌ی به‌سوود بۆ خزمه‌ت كردنی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ده‌نگیان پێداوه‌و داكۆكی له مافی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌نگیان پێ‌داوه، كاتێك مافیان ده‌خرێته ژێرپێ. ئایا پێكهاته‌ی كۆماری ئیسلامی به‌م شێوه‌یه‌یه؟
جێگای داخه:
ـ له نیزامێكدا كه یه‌كێك له به‌نده‌كانی یاسای بنه‌ڕتی له سه‌ر خوێندن به زمانی زگماكی دوای سی ساڵ به‌ڕێوه ناچێ.
ـ له نیزامێكدا كه كۆمه‌ڵێك ژنی یه‌كسانیخواز به بێ ئه‌وه‌ی له خه‌باتی چه‌كداری دژی رێژیم‌دا به‌شداریان كردبێ، یان ته‌نانه‌ت رێپێوانی ئاشتیخوازانه‌یان كردبێ، به‌ڵكوو ته‌نیا به تاوانی ئه‌وه‌ی ویستوویانه به پشتیوانی له كه‌مپه‌ینی یه‌ك میلیۆن ئیمزا له ده‌سه‌ڵات داوا بكه‌ن كه مافی ئه‌وان به ره‌سمی بناسێ، زیندانی درێژخایه‌نیان بۆ ده‌بڕنه‌وه‌و بێ حورمه‌تیان پێ ده‌كه‌ن.
ـ له نیزامێكدا كه هاوولاَتیانی ولاَت له به‌ر نه‌داری‌و هه‌ژاری‌و كه‌م دارامه‌تی، منداڵه‌كانیان‌و گورچیله‌كانیان ده‌فرۆشن، به‌ڵام سه‌روه‌ت‌و سامانی وڵاته‌كه‌یان سه‌رفی چه‌كداركردنی تیرۆریستان‌و په‌روه‌رده‌كردنیان ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ئارامی‌و ئوقره‌یی‌و ته‌ناهی له ناوچه‌ی رۆژهه‌لاَتی نێوه‌ڕاستدا بشێوێنن.
چۆن ده‌كرێ چاوه‌ڕوان بین كه ئیزن بده‌ن نوێنه‌رانی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك له مه‌جلیسی حكوومه‌تدا رێگا بدرێن‌و ببنه داكۆكیكاری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك؟ خۆ ئه‌و رێژیمه له خه‌ڵك بێ‌منه‌ته‌و ته‌نیا كاتێك ئه‌وانی وه‌بیردێته‌وه كه مه‌ترسی‌یه‌كی ده‌ره‌كی هه‌ڕه‌شه‌ی لێ بكا بۆ ئه‌وه‌ی بیانكاته قوربانی مانه‌وه‌ی خۆی له سه‌ر ده‌سه‌ڵات، یان راكێشی سه‌ر شه‌قامه‌كانیان بكا بۆ دانی دروشم به پشتیوانی له حكوومه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یارانی له ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه پێ بترسێنێ.
بێ‌گومان ئێمه به چاوی رێزه‌وه ده‌روانینه به‌ربه‌ركانیی خه‌ڵك له گه‌ڵ رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ به ده‌ستهێنانی هه‌موو مافه زه‌وتكراوه‌كانیان وه‌ك ئازادی ڕاده‌ربرین، بوونی كار، ژیانی باشتر‌و .... ئێمه پشتیوانی له خه‌باتی مامۆستایان، خوێندكاران، ژنان‌و كرێكارانی وشیار‌و ماف ویستی ئێران ده‌كه‌ین له پێناو گه‌یشتن به ئازادی‌و رزگاری له ده‌ست رێژیمی پاشكه‌وتووی كۆماری ئیسلامیی ئێران. له هه‌مانكاتدا به‌شداریی خه‌ڵك له شانۆی هه‌ڵبژاردندا ـ هه‌رچه‌ند كه‌میش بێ ـ و دوای ئه‌وه‌ش رێپێوان‌و داواكردنی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م كه‌سه بچێته مه‌جلیس یان ئه‌وه‌ی دیكه‌و، كوژرانی خه‌ڵك له‌م رێگایه‌دا به خه‌سارێكی گه‌وره ده‌زانین. پێمان وایه ئه‌م چه‌شنه خه‌ڵكه كه‌وتوونه‌ته داوێك كه رێژیم له سه‌ر رێگای ئه‌وانی داناوه‌ته‌وه، چوونكه ئه‌و كه‌سانه له جیاتی ئه‌وه‌ی كه له رێگای به‌ربه‌ركانی بۆ رووخانی رێژیم‌و هاتنه‌دی داخوازییه بنه‌ڕتییه‌كانیان زیندانی بكرێن‌و بكوژرێن، داخوازه‌كانیان ئه‌ونده نزم‌و بێ كه‌ڵكه كه ئه‌گه‌ر وه‌دیش بێن، هیچ ئاڵ‌وگۆڕێك له ژیانی ئه‌واندا پێك ناهێنێت. ئه‌م چه‌شنه رێپێوان‌و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینه له راستی‌دا به لاڕێدا بردنی خه‌باتی ره‌وای خه‌ڵكه بۆ رزگاری یه‌كجاره‌كی‌یان. هه‌ر بۆیه رووی وته‌مان له‌و خه‌ڵكانه‌یه‌و داوایان لێده‌كه‌ین كه زیاتر بیر بكه‌نه‌وه‌و وردتر پیلانه‌كانی رێژیم تاوتوێ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی مافویستی‌یان به فیڕۆ نه‌چێ‌و تێكه‌ڵ به بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ری‌یه ره‌سه‌ن‌و ره‌گداكوتاوه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستانی بكه‌ن.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ری سکرتێر










